داکۆکیکردن. یاوەریکردن. ڕاهێنان

کوردستانی عێڕاق

هەماهەنگیکردن لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیانەی کە بەکاری جووتیاری و ئاژەڵدارییەوە خەریکن کە بە ئاشتیانە تێدەکۆشن دژی ئاوارەبوون و ئەو وێرانکاریانەی کە بە هۆی هەڵمەتە سەربازییەکان و بۆردوومانەکانی سەرسنوورەوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. یاوەریکردنی بەرگریکارانی مافی مرۆڤ و چالاکانی مەدەنی کە دژی ستەم و زۆرداری دەوەستنەوە. بەبەڵگەکردنی کاریگەریەکانی توندوتیژی لەسەر خەڵکی سڤیل و داکۆکیکردن لێیان لە ناوەوەو دەرەوە بۆ گۆڕانکاری.  

کوردستانی عێراق دەکەوێتە باکووری عێراق و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە شەش ملیۆن کەسە و نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە و ئاوارەی ناوخۆی تێدایە. تاکە هەرێمی ئۆتۆنۆمی عێراقە و بە فەرمی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێت، پایتەختەکەی لە هەولێرە. هەرێمی کوردستانی عێراق خاوەنی حکومەت و پەرلەمان و سیستەمی دادوەری و ئاڵا و پەیڕەوی جیا لە حکومەتی ناوەندی عێراقە. مێژووی دامەزراندنی ناوچەکە دەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنێکی ئۆتۆنۆمی مانگی ئازاری ١٩٧٠ لە نێوان بزووتنەوەی ئۆپۆزسیۆنی کوردی و حکومەتی عێراقدا دوای چەندین ساڵ لە شەڕو ململانێی قورس. کاتێک لە ساڵانی دواتردا ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکرا، شەڕێکی دیکەی درێژخایەنی ناوخۆیی لە نێوان سەدام حسێن و کورددا ڕوویدا. شەڕی ئێران/عێراق و هەڵمەتی ئەنفال دژی کورد بە سەرۆکایەتی سوپای عێراقی، سەدام دانیشتووان و ژینگەی کوردستانی عێراقی وێران کرد. لە کاتی ڕاپەڕینی گەلی کورد لە ئازاری ١٩٩١، کورد و پێشمەرگە (سوپای کورد) لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی عێراق پاڵیان بە سوپای عێراقەوە ناو کردیانە دەرەوە. دوای لەشکرکێشی عێراق بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣، لە ساڵی ٢٠٠٥ دەستوورێکی نوێ داڕێژرا کە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدراڵی عێراق پێناسە دەکات. کوردستانی عێراق لە چوار پارێزگای سلێمانی، هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە پێکهاتووە.

جگە لە کوردەکان کە زۆرینەی دانیشتوانی کوردستانی عێراق پێکدەهێنن، گروپە نەتەوەییە جۆراوجۆرەکان بە ناسنامە و کولتوری جیاوازەوە پەیکەری کۆمەڵایەتی ناوچەکە پێکدەهێنن، وەک ئێزدیەکان، مەسیحییەکانی ئاشوری، عەرەبی سوننە و شیعە، تورکمان و ئەوانی دیکە.  

لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە تیمەکانی بنیادنەری ئاشتی کۆمەڵگە لە شاری سلێمانی (بە سولەیمانییە ش ناسراوە) بنکەیان هەیە، کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی عێراق. سلێمانی بە نزیکەی یەک ملیۆن ژمارەی دانیشتووانیەتی، دووەم گەورەترین شاری ناوچەکەیە دوای هەولێری پایتەختی.

دواهەمین چیرۆکەکان

کارەکانمان

پیاوێکی بریندار، کە لەسەر یەک لای پاڵیداوەتەوە، لەبەشی سەرەوی وێنەکە لەسەر جێگایەک پاڵکەوتووە. لە پێشەوە ژن و پیاوێک کە هێلەگی سووریان لەبەردایە لەسەر دۆشەک لەسەر زەوی دانیشتوون
سەردانی ئەندامانیCPT بۆ لای ڕەمەزان عەلی. کاک ڕەمەزان بە تیمەکەی ڕاگەیاند، "من لە گوندەکەی خۆم هرورێ بووم. کە خەریکی ئاودانی کێڵگەکەم بووم. بۆردوومانێک ڕوویدا کە چەند مەترێک لە منەوە دووربوو. لەهۆشخۆم چووم و هەموو شتێک لەبەرچاوم ڕەش بوو.قاچم خوێنی لەبەردەڕۆی و بە سکەخشێ دوورکەوتمەوە تا کەسێک بەفریام کەوتوو بە ئوتۆمبێل منی گەیاندە نەخۆشخانەی بێگوڤا. پاشان بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ لە نەخۆشخانەی زاخۆ مامەوە. تەنها دوو پارچەی مووشەک لە پێکانم و پەنجەی پێکانم دەرهێنراون. هێشتا نۆ پارچەی تر لە پشتم و قاچەکانم ماونەتەوە."
rumble of a bombed house. two people inspect the ruins
داروپەردووی ماڵێکی بۆردومانکراو لە سەرکان

داکۆکیکردن لە پاراستنی خەڵکانی مەدەنی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە .سنووربەزێنەکانی تورکیا و ئێران

سەدان گوند و شارۆچکە لە چیا سەختەکانی زاگرۆس و تۆرۆس و دۆڵە بەپیتەکان بەدرێژایی سنوورەکانی کوردستانی عێراق لەگەڵ تورکیا و ئێران هاوسنورن. بۆ هەزاران ساڵە گەلانی کورد و ئاشووری ئەم ناوچانە نیشتەجێ بوون و بژێوی ژیانیان بە کشتوکاڵ و لەوەڕاندنی ئاژەڵ و بازرگانی ناوخۆیی و پیشە دەستییەکانەوە دەپارێزن. جگە لەوەش هەزاران شوانی کۆچبەر و خێزانی جووتیار لە نێوان مانگی ئازار و تشرینی یەکەمدا ناوچەکە بەکاردەهێنن بۆ کشتوکاڵکردن و بەخێوکردنی مەڕەکان و فرۆشتنی بەرهەمەکانیان. بەهۆی گرنگیی ستراتیژی مێژوویی، زۆرێک لە جوڵانەوە و گروپە چەکدارییە بەرگریخوازەکان ئەم چیایانەیان وەک سەنگەری شەڕ و مانەوە بەکارهێناوە. هەروەها شەڕیان کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم ناوچەیە.

هێزەکانی تورکیا زۆرجار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر و تۆپخانەکان بەکاردەهێنن بۆ بۆردومانی حەشارگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە گروپێکی گەریلایە لە ڕێی خەباتی چەکداریەوە کار بۆ مافەکانی گەلی کورد لە تورکیا دەکات و مۆڵگەکانی لە چیاکانی کوردستانی عێراقە . لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ەوە، هێزەکانی تورکیا زیاتر لە ٤٠ بنکەیان لە هەر شوێنێک لە ٩-٢٥ کم لە خاکی کوردستانی عێراق لە باشووری سنوورەکەی دروستکردووە. هەروەها جار جارە هێزەکانی ئێرانیش بە هۆی بوونی گروپە گەریلاکانی کورد کە لە پێناو مافە سیاسییەکانی کورد لە ئێران شەڕ دەکەن، ناوچە سنوورییەکانیان تۆپباران کردووە.

بۆردومان و تۆپبارانی بەردەوامی ئاسمانی و هێرشی بنکە سەربازییەکان، قەیرانی مافی مرۆڤ و مرۆیی بۆ دانیشتوانی مەدەنی دروست کردووە. گوندنشینەکان و کۆمەڵگە کۆچەریەکان، کە ئەم هەرێمە بۆ چەندین سەدەیە هێڵی ژیانی بژێوی و کولتووریان بووە، زیاتر لە سێ دەیەیە ئازاردەچێژن. ئۆپەراسیۆنە سەربازییە سنووربەزێنەکان خەڵکی سڤیل دەکوژن و بریندار دەکەن، گوندەکان وێران دەکەن، کێڵگە و بەروبووم دەسوتێنن، کۆمەڵگاکان ئاوارە دەکەن.

تیمەکانی بونیادنەری ئاشتی کۆمەڵگە هاوبەشن لەگەڵ ئەو خێزان و پێکهاتانەی کورد و ئاشوری کە لە لایەن ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا و ئێرانەوە کراونەتە ئامانج.  سی پی تی ڕۆڵێکی ناوازە دەگێڕێت لە گەیاندنی دەنگی رزگاربووان و یاوەریکردنی ئەو کەسانەی کە ئەندامانی خێزانەکانیان لەدەستداوە، بژێوی ژیانیان لەدەستداوە، یان مەترسی ئاوارەبوونیان لەسەرە. سی پی تی بەوردی  کاریگەرییەکانی ئەم بۆردومانانە بۆ سەر خەڵکی مەدەنی بە بەڵگەدەکات، لە ڕێگەی سەردانیکردنی  بۆ ناوچە بە ئامانجگیراوەکان، چاوپێکەوتن لەگەڵ رزگاربووان و شایەتحاڵەکان و دروستکردنی تۆڕێکی  پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی و میدیاکان.

 سی پی تی یاوەری خێزانە زیانلێکەوتووەکان دەکات لە کاتی دیدار و کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ نوێنەرانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق بە مەبەستی داخوازی پارێزگارکردن لە گوندنشینان و قەرەبووکردنەوەیان. سی پی تی ڕاپۆرتەکانی خۆی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و میدیا و کونسوڵخانەکان و حکومەتە بیانییەکان بەشدەکات، بەتایبەت ئەو حکومەتانەی کە پەیوەندی نزیک و بازرگانی چەکیان لەگەڵ تورکیادا هەیە. سی پی تی لەگەڵ ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان داکۆکی لە کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنەکانی سنوور بەزاندن دەکات، کە بەردەوام دەبنە هۆی قوربانی و ئاوارەبوون و ئازاردانی خەڵکی مەدەنی.

یاوەری کردنی چالاکانی مەدەنی مافی مرۆڤ کە هەڕەشەی توندوتیژییان لەسەرە

خەڵکی لە کوردستانی عێراق، مێژووێکی درێژیان هەیە لە ئازار چەشتن بەدەست ڕژێمەکانی پێشووی عێراقەوە. بەدرێژایی مێژوو چەندان هاوڵاتی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، جەنگاون و خەباتیان کردووە لە پێناو ئازادی و ڕێزگرتن لە بنەما مرۆییەکان. حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی 1992وە دامەزراوە، کار بۆ ئەوە دەکات کە ژینگەیەک دابمەزرێنن کە هەموو ڕۆژنامەنووسان و مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکانی سیاسی بتوانن بە ئازادی و بێ ترس کار بکەن.

سەرەڕای پابەندبوونی حکومەت بە ماف و ئازادییە مەدەنییەکان، بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان و ئەندامانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئاماژەیان بەوەداوە کە کوردستانی عێراق بۆ ئەوان سەلامەت نەبووە. چەندان ڕۆژنامەوان و چالاکوان تیرۆرکراون، ئەشکەنجەدراون، زیندانی کراون، هەڕەشەیان لێکراوە، جموجۆڵیان لەناو کوردستانی عێراق سنووردار کراوە، یان ئاوارە بوون بۆ دەرەوەی وڵات.

 سی پی تی هاوبەشی دەکات لەگەڵ چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەموو ئەو دەستپێشخەرییانەی کە لە ڕێگەی چالاکی ناتوندوتیژییەوە داوای گۆڕانکاری دەکەن. سی پی تی چاودێری پڕۆسەی دادگاییکردنی ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان دەکات و ڕاپۆرت لە بارەی دادگاییکردنەکانەوە دەنوسێت. شانبەشانی هاوبەشەکانی، سی پی تی لەلای حکومەتی هەرێم و هێزە ئەمنییەکان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان داکۆکی دەکات بۆ بەهێزکردنی پشتگیرییەکانیان بۆ ماف و ئازادییە مەدەنییەکان و دەستپێشخەرییە مەدەنییە ناتوندوتیژەکان. وەک تاکە ڕێکخراوی لەم چەشنە لە سلێمانی، سی پی تی یاوەری پارێزبەندی بێچەک پێشکەش بە چالاکوانانی مەدەنی دەکات کە هەڕەشەی توندوتیژییان لەسەرە. بوونی سی پی تی لە خۆپیشاندان و بۆنە گشتییەکاندا یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی مەترسی توندوتیژی. سی پی تی بەشێکە لە فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە سلێمانی و دەستپێشخەری هاوپشتی کۆمەڵگەی مەدەنی عێراق کە پلاتفۆرمێکی نێودەوڵەتی ڕێکخراوەکانی ئاشتی و مافی مرۆڤە.

وێنەی ئەو پێنج هاوبەشەی تیمی کوردستانی عێڕاقی سی پی تی  کە بەهۆی چالاکییەکانیانەوە سزای شەش ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا.
پێنج زیندانییەکەی بادینان
ژنێک کە لەبەردەم مایکی ڕۆژنامەواناندا وەستاوە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا قسە دەکات و بەشێک لە ڕۆژنامەوانان و چالاکوانان لە دەوریدا وەستاون.

ڕاهێنانی ناتوندوتیژی و هەڵوەشاندنەوەی زوڵ و ستەم

لەسەر بنەمای بانگهێشتنامەکانی ئەکادیمی و کۆمەڵگەکان، سی پی تی وۆرک شۆپی کارلێککارانە و ڕاهێنانی بەشداریکردن لەسەر وەڵامدانەوەی ناتوندوتیژانە بۆ ململانێ و هەڵوەشاندنەوەی ستەم و زوڵم ڕێکدەخات. تیمەکان کە لە ئاسانکارانی سی پی تی ناوخۆیی یان تێکەڵاو (ناوخۆیی و بیانی) پێکهاتوون دەیان وۆرک شۆپیان بۆ خوێندکارانی قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی و زانکۆ، ڕێکخراوەکان، گروپە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجامداوە، هەروەها هاوبەشی سەرکردایەتی زۆرێک لە ڕاهێنانەکانی چەند ڕۆژەی پڕۆژەی جێگرەوەکانی توندوتیژی “ئەی ڤی پی” بۆ سەدان گەنج، گەورەساڵ، ئەندامانی کەمینەکان و بەشداربووانی ستافی ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە هەردوو کۆمەڵگەی خانەخوێ و ئاوارەکان پێکهاتوون کردووە.

Prayers from Iraqi Kurdistan

Skip to content