قوربانیانی مەدەنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە باکوری عێراق (٢٠١٥ – ٢٠٢١)

ڕاپۆرتەکە (توێژینەوەکە)، لەلایەن هاوپەیمانیەتیەکی نێودەوڵەتی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە چوارچێوەی هەڵمەتی" کۆتایی به بۆردومانە سنووریەکان بهێنن" ئامادەکراوە، کە بۆ یەکەم جارە وردەکارییەکانی کاریگەریەکانی ئەم دەستدریژیانە بۆ سەرخەڵکی مەدەنی بڵاودەکاتەوە.
Facebook
Twitter
Email
WhatsApp
Print
Women sit around a grave with the grave stone in the foreground
Jawahira and her relatives are mourning the death of her son Himda’ad Othman - killed byairstrike near Barmiza village on 13 Nov 2017

بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەو زەرەر و زیانانەی کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە سنوربەزێنییەکانی تورکیا داویەتی لە هاوڵاتیانی مەدەنی لە باکوری عێراقدا، جێگای نیگەرانی و لەسەر وەستانە. پێویستی بە هەڵوێستە لەسەر کردنی هاوبەشە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.

ئەم ڕاپۆرتە تێكڕای ئەو دەرئەنجامانە پێشکەش دەکات کە لە لێکۆڵینەوەی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە ناحکومیانەوە بەدەستهاتوون کە توندوتیژییەکانی دژ بە هاوڵاتیانی مەدەنی بە بەڵگەنامە دەکەن و کار بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەکەن. ئەم ڕاپۆرتە تیشک دەخاتە سەر ژمارە و پێناسی ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانەی کە لە ئەنجامی کردەوە سەربازییەکانی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی ژێر ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان یاخود ئیدارەی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق لە پارێزگای نەینەوا شەهید و برینداربوون. ئەم ڕاپۆرتە شیکردنەوە بۆ شێوە و جۆری ئەو هێرشانە دەکات کە بوونەتە هۆی زیانگەیاندن بە هاوڵاتیانی مەدەنی و هەروەها ئەم ڕاپۆرتە لە کاریگەرییەکانی تری ئەو هێرشانە لە وێرانکردنی گوندەکان، ماڵ، نەخۆشخانە، لەوەڕگاکان و زەوی کشتوکاڵی دەکۆڵێتەوە.

ئەم ڕاپۆرتە ڕوماڵی ئەو هێرشانە دەکات کە لە ١ی ئابی ٢٠١٥ەوە کاتێک بۆ یەکەم جار لەدوای شکستهێنانی پڕۆسەی ئاشتی نێوان کۆماری تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان «پەکەکە»، چەندین هاوڵاتی مەدەنی لە ئەنجامی چەند هێرشێکی ئاسمانی تورکیا بۆسەر گوندی زارگەڵی شەهید و برینداربوون تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ کە لەلایەن سوپای تورکیاوە ئەنجامدراون.

لە ١٧ی نیسانی ٢٠٢٢دا، ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سەربازی لەلایەن سوپای سەربازی تورکیاوە لە ژێر ناوی چنگی-قفڵ، لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقدا ڕاگەیاندرا. ئۆپەراسیۆنی چنگی قفڵ، ئەڵقەیەکە لە زنجیرەک ئۆپەراسیۆنی سەربازیی یەک لەدوای یەکی سوپای تورکیا کە لەساڵی ٢٠١٨ەوە سوپای تورکیا دەستیپێکردووە. لە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیادا ، لە ڕووبەرێکی بەرفراوانی ئاسمانیەوە بۆردوومان ئەنجامدەدراو پاشان هێزی تایبەتی سەربازی بەقوڵایی ١٢-١٥ کیلۆمەتر لە باشوری سنوری تورکیاوە لە شوێنی دروستکردنی بنکە و بارەگای چاودێریکردنەوە بڵاوەیان پێکرا. لە ئەنجامدا، ئەو هاوڵاتییە مەدەنیانەی کە لە ناوچە و دۆڵەکانی ئەو سنورەدا دەژیان و بژێوی ژیانیان بەدەستدەهێنا، لەلایەن تۆپخانەکانی تورکیاوە بە ئامانجدەگیران و یان ناچار بە ئاوارەبوون یاخود ناچار بە ژیانکردن دەکران لە ژێر کۆنتڕۆڵی سەربازی سوپای تورکیادا.

ڕاپۆرتەكە دابگرە بە زمانەكانی ئینگلیزی | كوردی | عەرەبی

ڕاگەیاندراوە ڕۆژنامەوانییەكە بخوێنەوە

“كۆتایی بە بۆردوومانە سنورییەكان بھێنن”، ھەڵمەتێكە كە لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە ڕاگەیاندراوە و ھاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی ژمارەیەك لە ڕێكخراوی ناحكومی ناوخۆیی و دەرەكیە، كە ئامانجیان داكۆكیكردن و بڵاوكردنەوە زانیاری و ئاگاییە لەسەر بۆردوومانەكان لە باكوری عێراق. ئەندامانی ئەو ھاوپەیمانیەتیە بریتین لە: دەستپێشخەری ھەماھەنگی كۆمەڵگەی مەدەنی عێراقی ICSSI, تیمەكانی بنیادنەری ئاشتی كۆمەڵگە CPT، ڕێكخراوی CODEPINKی ئەمریكی، ڕێكخراوی Iraq Body Count IBC، دامەزراوەی نێودەوڵەتی بۆ چالاكی ناتوندوتیژی NOVACT، ڕێكخراوی UPPی ئیتالی، ڕێكخراوی ھاوسۆزی لەگەڵ كوردستان Solkurdی نەرویجی. بەرھەمھێنان و بڵاوكردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە لەلایەن دەستپێشخەری ھەماھەنگی كۆمەڵگەی مەدەنی عێراقی ICSSI و بە ھەماھەنگی ئەندامانی تری ھاوپەیمانیەتیەكە ئەنجامدراوە.

گرنگترین بەدەستهێنراوەکان

لە ١ی ئابی ساڵی ٢٠١٥ەوە تاوەکو ٣١ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١، سوپای سەربازی تورکیا بەلایەنی کەمەوە ٨٨ هێرشی ئاسمانی، زەمینی، تۆپبارانی لە سنوری خاکی کوردستانی عێراقدا ئەنجامداوە کە بووبێتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی هاوڵاتیانی مەدەنی.

سەرباری لێدوانە فەرمییەکانی دەوڵەتی تورکیا، کە ئاماژە بەوە دەکەن لە ئۆپەراسیۆنەکانیاندا، بەتەنیا چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان و گروپە هاوپەیوەندەکانیان بە ئامانج گرتووە، بەڵام لە ٨٨ هێرشی سوپای تورکیادا، ٩٨ بۆ ١٢٣ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و ١٣٤ بۆ ١٦١ هاوڵاتی تری مەدەنی برینداربوون. لە دوو ساڵی ڕابردوودا زۆرترین هاوڵاتی مەدەنی لە هێرشەکانی تورکیادا بە ئامانجگیراون. بە شێوەیەک لە ٢٠ هێرشی ساڵی ٢٠٢٠ داو لە ٢٠ هێرشی تری ساڵی ٢٠٢١دا، هاوڵاتی مەدەنی بە ئامانجگیراون و بوونەتە قوربانی.

سەرباری بەرزی ڕێژەی ئەو زیانە گیانیانەی کە بەهۆی کردە سەربازییەکانی دەوڵەتێکی ئەندام لە هاوپەیمانیەتی باکوری ئەتڵەسی «ناتۆ» بەر هاوڵاتیانی مەدەنی دەوڵەتێکی تری هاوسێی کەتووە و کاریگەری گەورەی بۆسەر هەر چوار پارێزگای دهۆک، هەولێر، سلێمانی و نەینەوا درێژبۆتەوە، تائێستا بۆشاییەکی گەورە هەیە لە بە بەڵگەنامە کردن و تۆمارکردنی هەموو ئەو زیانە گیانیانەی کە بەر هاوڵاتیانی مەدەنی کەتووە لە ئەنجامی ئەو کردەوە سەربازییانە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە کاردانەوەی سیاسی جددی کەم هەبێت بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لەو توندوتیژیانە و پشتیوانی پێویستیش فەراهەم نەکرێت بۆ ئەو هاوڵاتیانەی کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کاری کردۆتە سەر ژیانیان.

زیاتر لە ١١١ قوربانی مەدەنی لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون (شارەکان، شارۆچکەکان، گوندەکان). لە ٣٧ هێرشی سوپای سەربازی تورکیادا بۆسەر شوێنەکانی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانی مەدەنی کە تیایاندا فڕۆکەی جەنگی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێلیکۆپتەر، تۆپخانە، چەکی قورس و چەکی سوک بەکارهێندراون سەرباری بە قوربانی بوونی هاوڵاتیانی مەدەنی، هێرشەکان بوونەتە مایەی ڕووخان و زیانگەیاندن بە خانوو، قوتابخانە، نەخۆشخانە، دوکان، پڕۆژەی ئاوی ماڵان، وێستگەی کارەبا و شوێنە پیرۆزەکانی پەرستش. لەو هێرشانەدا، بەلایەنی کەمەوە ٣٩ هاوڵاتی مەدەنی «لەناویاندا ٤ منداڵ» گیانیان لەدەستداوە و ٧٢ هاوڵاتی تری مەدەنی «لەناویاندا ١٠ منداڵ» برینداربوون. لەناو شەهید و بریندارەکاندا، کارمەندانی تەندروستی، کاسپ، دوکاندار، خوێندکار، فەرمانبەری شارەوانی و کارمەندانی هەڵگرتنەوەی ئەو مینانەی کە لەلایەن داعشەوە چیندرابوون هەیە. هەندێک لەو هێرشانە بە دووری ١١٥ کیلۆمەتر لە سنوری تورکیاوە ئەنجامدراون.

زیاتر لە ٥٦ قوربانی مەدەنی جوتیار و ئاژەڵدار. سوپای سەربازی تورکیا لە ٢٥ هێرشدا (١٥ هێرشی ئاسمانی، ٩ تۆپباران، ١ هێرش بە چەکی تر) جوتیار و هەنگەوان و ماسیگر و ئاژەڵداری مەدەنی بە ئامانجگرتووە. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، لانی کەم ٣٥ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و ٢١ی تریش برینداربوون. یەکێک لەو بریندارانە کوڕێکی ئێزیدی تەمەن ١٦ ساڵ بووە. کشتوکاڵ و ئاژەڵداری کردن، سەرچاوەی سەرەکی بژێوی ژیانی هەزاران خێزانە کە لە ناوچەی ئامانجی بۆردوومانەکاندا دەژین.

زیاتر لە ٢٣ قوربانی لە ئەنجامی هێرش بۆسەر ئۆتۆمێلی هاوڵاتیانی مەدەنی. سوپای تورکیا، لە ڕێگەی (٨ هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی، ١ هێرشی هێلیکۆپتەر، ١ هێرش بە چەکی تر) ١٠ هێرشی بۆ سەر ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیانی مەدەنی کە تەنیا خەڵکی مەدەنی تێدابووبێت ئەنجامداوە. ئەو هێرشانە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی ١٣ هاوڵاتی مەدەنی (لە ناویاندا منداڵێک) و برینداربوونی ١٠ هاوڵاتی تر (لە ناویاندا دوو منداڵ). لە یەکێک لەو ڕووداوەکاندا، کە خێزانێک لە کێڵگەکەی خۆیانەوە دەگەڕانەوە بۆ ماڵەوە، لەلایەن دوو هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە بە ئامانجگیران و لە ئەنجامدا ٣ هاوڵاتی مەدەنی (لە ناویاندا منداڵیك) گیانیان لەدەستدا و ٥ هاوڵاتی تری مەدەنیش (لەناویاندا دوو منداڵ) برینداربوون.

٩ قوربانی مەدەنی لە کاتی لێکردنەوەی گژ و گیای بەهارەدا. لە چوار هێرشدا (٢ هێرشی ئاسمانی و ٢ تۆپباران)، ٤ هاوڵاتی مەدەنی (لە ناویاندا کچێکی خوێندکاری تەمەن ١٩ ساڵان) کوژران و ٥ هاوڵاتی تری مەدەنی لە کاتی لێکردنەوەی ڕووەکی خۆڕسک لە چیاکاندا برینداربوون. چەندان خێزان، پێداویستی خۆراکی و بژێوی ژیانیان لە ڕێگەی کۆکردنەوەی گیای خۆڕسک لە کۆتایی وەرزی بەهار و سەرەتای وەرزی هاوین بەدەستدەهێنن.

نزیکەی ٢٠ قوربانی مەدەنی لە کەمپی پەنابەرانی کوردانی تورکیا لە مەخمور. تورکیا بە لایەنی کەمەوە ٤ هێرشی ئاسمانی بۆ ناو کەمپی مەخمور ئەنجامداوە، کە پەنابەرانی کوردی تورکیای لە خۆ گرتووە و بە دووری ١٦٥ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشوری سنوری تورکیا. لەو هێرشانەی تورکیادا، ١٠ هاوڵاتی کوژراون و ١٠ی تریش برینداربوون. بەڵام بە هۆی ئامادەیی گەریلاکانی پەکەکە لەناو کەمپەکەدا، کە پاسەوانیان لە ١١،٠٠٠ پەنابەری کەمپەکە دەکرد لە مەترسییەکانی چەکداری داعش و گروپە چەکدارییەکانی تر، نەتواندراوە ڕاستینەی ناسنامەی ٧ لە کوژراوەکان و ٥ لە بریندارەکان پەسەند بکرێت کە ئایا پەنابەری مەدەنی ناو کەمپەکە بوون یاخود گەریلای پەکەکە بوون.

زیاتر لە ٣٨ قوربانی تر لە هێرشی جۆراوجۆردا. لە ٨ هێرشی تری تورکیادا، ١٧ هاوڵاتی مەدەنی (لە ناویاندا منداڵێک) کوژراون و ٢١ هاوڵاتی تری مەدەنی (لە ناویدا منداڵێک) برینداربوون. بۆنمونە، لە خۆپێشاندانێکی هاوڵاتیانی مەدەنیدا لە دژی بارەگایەکی سەربازی تورکیا، کورێکی ١٤ ساڵان بە تەقەی سەربازانی تورکیا کوژرا و ١٠ بۆ ١٥ خۆپێشاندەری تر برینداربوون. کچێکی ١١ ساڵان بە هۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە کێڵگەکەیاندا برینداربوو. ٤ هاوڕێ کە دووانیان یاریزانی پیشەگەربوون و لە سەیرانێکدا بەر تۆپی تورکیا کەوتن و برینداربوون. لە ئەنجامی بە ئامانجگرتنی شوێنی دانوستانی هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق و گەریلاکانی پەکەکەدا لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە دوو فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق و شۆفێرەکەیان کوژران و بەلایەنی کەمەوە فەرماندەیەکی تری پاسەوانی سنوری عێراق برینداربووە. لە ڕووداوێکی تردا، ١٢ بارمتەی بە ڕەگەز تورک و ١ بارمتەی بەڕەگەز کورد کە لەلایەن پەکەکەوە بە بارمتە گیرابوون کوژران. ئەگەری ئەوە هەیە بەهۆی هێرشی ئاسمانی تورکیا کوژرابن یاخود وەک ئەوەی تورکیا ئاماژەی بۆ دەکات لەلایەن پەکەکەوە کوژرابن.

دێمۆگرافیای قوربانیانی مەدەنی.

لەکۆی ژمارەی شەهیدانی بۆردوومانەکاندا، پێناسی ٨٠ شەهید، وەک نێری پێگەیشتوو ،١٣ شەهید وەک مێی پێگەیشتوو، ٦ شەهید وەک منداڵی نێر دیاریکراوە. وە لە کۆی ژمارەی بریندارانی بۆردوومانەکاندا، پێناسی ٤١ بریندار وەک نێری پێگەیشتوو، ١٦ بریندار وەک مێی پێگەیشتوو، ١٤ بریندار وەک منداڵی نێر و مێ و ڕەگەز نەزانراو دیاریکراوە. بەهۆی کەموکوڕی لە دۆکیۆمێنتکردن و شوێنبزرکردنی ئەو داتا و زانیاریانەی کە حکومەتەکان و هێزە سەربازییەکان پێویستە دابینی بکەن، بەداخەوە تا ئێستا پێناسی شەهید و بریندارەکانی تر وەدەست نەهاتوون کە بتوانرێت لەم لێکۆڵینەوەیەدا بخرێنە ڕوو.

لەبەر قورسی و پێویستی تەرخانکردنی کاتێکی زۆر، شتێکی باو نیە کە تۆماری قوربانیانی جەنگ، بتوانێت پێناسی ڕێژەیەکی بەرزی قوربانیانی جەنگ کە لەم ڕاپۆرتەدا زیاتر لە (٨٥٪)ە ئاشکرا بکات. دیاریکردنی ناوی قوربانیان، تەمەن، ڕەگەز، بارودۆخی خێزانی و پیشە، بە تەنیا یارمەتیدەر نیە بۆ تیشکخستنەسەر باری مرۆیی قوربانیان، بەڵکو یارمەتیدەرە بۆ پشتبەستن بە وردی و دیاریکراوی داتاکان، هەروەک ئەو داتایانەی کە لەم لێکۆڵینەوەیەدا کۆکراونەتەوە. هەر هەوڵێکی لەم چەشنە بۆ لێکۆڵینەوە لە پێناسی قوربانیان، پێویستە هەموو لایەنەکان هاوبەشی تێدابکەن، تەنانەت بە بەرپرسانی حکومیشەوە.

شوێنی قوربانیانی مەدەنی.

پەیوەند بە جیاوازی شوێنی بۆردوومانەکانی تورکیا، پارێزگای دهۆک، کە زۆرترین ناوچەی سنوری تورکیا و عێراق دەکەوێتە ئەو پارێزگایە، زۆرترین ژمارەی شەهیدەکانی بۆردوومانەکان کە (٥١ بۆ ٦٧) شەهیدە و زۆرترین ژمارەی بریندارەکانی بۆردوومانەکان کە (٦١ بۆ ٧٣) بریندارە دەکەوێتە ئەو پارێزگایە. لە پارێزگای هەولێریش کە بەشەکەی تری سنوری نێوان تورکیا و عێراق لە خۆ دەگرێت، (٢٩ بۆ ٣٧) هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی بۆردوومانەکانەوە شەهیدبوون و (٣٥ بۆ ٤٣) هاوڵاتی تری مەدەنی برینداربوون. لە پارێزگا نەینەوا، ١٢ هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و (١٩ بۆ ٢٢) هاوڵاتی تری مەدەنیش برینداربوون. دواین پارێزگاش، پارێزگای سلێمانیە کە بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە (٦ بۆ ٧) هاوڵاتی مەدەنی تیایدا شەهید بوون و (٢٢ بۆ ٢٣) هاوڵاتی تری مەدەنیش تیایدا برینداربوون.

زەرەر و زیانی تری بۆردوومانەکان لەسەر خەڵکی مەدەنی

ئەم ڕاپۆرتە تیشک دەخاتە سەر ئەو هێرشانەی کەبوونەتە هۆی گیان لەدەستدان و برینداربوونی هاوڵاتیانی مەدەنی. بەڵام ژمارەی ئەو هێرشانەی سوپای سەربازی تورکیا کە بوونەتە هۆی سوتانی زەوی کشتوکاڵی، کوشتنی ئاژەڵان، وێرانبوون و زیانگەیاندن بە خانووی هاوڵاتیانی مەدەنی و شوێنە گشتییەکان و ڕێگە خۆشکردن بۆ چۆڵکردنی گوندەکان، وێرانبوونی ژینگە و بڵاوبوونەوەی زەبری دەروونی (تراوما) لە نێو هاوڵاتیانی مەدەنیدا چەندان جار زیاترە لە ژمارەی ئەو هێرشانەی کەبوونەتە هۆی زیانی گیانی.

ڕاپۆرتەكە دابگرە بە زمانەكانی ئینگلیزی | كوردی | عەرەبی

Subscribe to the Friday Bulletin

Get Hannah’s thoughts and the entire bulletin every Friday in your inbox, and don’t miss out on news from the teams, a list of what we’re reading and information on ways to take action.

This site is protected by reCAPTCHA and the Google Privacy Policy and Terms of Service apply.

Read More Stories

Skip to content