ڕاپۆرتێکی نوێ، قوربانیانی مەدەنی هێرشە سنوورییەکانی تورکیا لەکوردستانی عێراق ئاشکرا دەکات

Facebook
Twitter
Email
WhatsApp
Print

لە ١٩ی تەمووزی ٢٠٢٢دا، لە گوندی پەرەخێ نزیک زاخۆ لە (پارێزگای دهۆک) هێرشێک ئەنجامدرا، هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی 9 هاوڵاتی مەدەنی و 24 هاوڵاتیش برینداربوون ئەم جۆرە هێرشەی تورکیا کە هاوڵاتیانی مەدەنی دەکاتە ئامانج، ماوەی حەوت ساڵە لە باکوری عێراق بەڕێوەدەچێت و بەلایەنی کەمەوە 95 هاوڵاتی مەدەنی کوژراوەو هەزارانی تر ئاوارەو برینداربوون ، ڕاپۆرتێکی نوێ لەو بارەیەوە ئامادەکراوە.

ڕاپۆرتەکە (توێژینەوەکە)، لەلایەن هاوپەیمانیەتیەکی نێودەوڵەتی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە چوارچێوەی هەڵمەتی” کۆتایی به بۆردومانە سنووریەکان بهێنن” ئامادەکراوە، کە بۆ یەکەم جارە وردەکارییەکانی کاریگەریەکانی ئەم دەستدریژیانە بۆ سەرخەڵکی مەدەنی بڵاودەکاتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٥ەوە، هێزەکانی تورکیا زیاتر لە ٤٠٠٠ هێرشی ئاسمانی و تۆپخانە و زەمینییان لە سنوورەکانی عێراق ئەنجامداوە کە تەنیا لە ساڵی ٢٠٢١دا، ١٦٠٠ هێرش تۆمارکراون.

ئەم ئۆپەراسیۆنانە تەنها نەبوونەتە نائارامی و ناسەقامگیری ناوچەکە، بەڵکو بە شێوەیەکی ناسەقامگیر کاریگەرییان لەسەر ژیانی ئەو هاوڵاتیانە هەیە کە لەو ناوچانەدا دەژین، وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە.

لە نیو ئەو داتاوزانیاریانەی کە لە ڕاپۆرتەکەدا هەن ئەمانەن:

  • کردەوە سەربازییەکانی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٥ ەوە بوونەتە هۆی کوژرانی ٩٨ بۆ١٢٣ هاوڵاتی مەدەنی کە بەلایەنی کەمەوە لە ٨٨ ڕووداودا ڕوویداوە.
  • ئەو ڕووداوانەی زیانە مەدەنییەکانی تێدابووە ڕوو لە زیادبوون بووە و لە ساڵانی٢٠٢٠و٢٠٢١ بەلایەنی کەمەوە 40 ڕووداو ڕوویانداوە.
  • زیاتر لە ٥٥ جووتیار و شوانکار لەکاتی کشتوکاڵکردن یان لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتەکانیان لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە کوژراون یان بریندار بوون.
  • لە ٪١٣ ی ئەو کوژراوانە ژنن و لە ٪٨٧ پیاوانە و بەلانی کەمەوە شەش منداڵ لە هێرشەکاندا کوژراون و ١٤ی دیکەش بریندار بوون.
  • نزیکەی ٥٠٠ گوند لەژێر هەڕەشەی چۆڵبونی تەواوەتیدان لە هەمان ئەو ماوەیەدا.

“هەموو ئەو چیرۆکانەی کە لەم ڕاپۆرتەدا باس کراون، گرنگن، وە نابێت لەوە زیاتر چاوەڕێ بکەین بۆ بە بەڵگەنامەکردنی چیرۆکی زیاتر. بەڵکو دەبێت هەموومان پێکەوە وەک مرۆڤایەتی بەدوای ئاشتیدا بگەڕێین و کار بۆ ئاشتی بکەین بۆ گەلانی عێراق. تەنها پێکەوە دەتوانین کاربکەین بۆ ئەوەی نەهێڵین تراژیدیای مێژوو لەسەر ئەم خاکە دووبارە ببێتەوە.” محەمەد سەلاح ئەندامی ڕێکخراوی تیمەکانی بنیادنەری ئاشتی کۆمەڵگە کە ڕێکخراوێکی ئەندامە لە کەمپینی “کۆتایی بە بۆردومانە سنوربەکان بهێنن” وا دەڵێت.

وێنایەکی هەمەچەشنەیی

هەرێمی کوردستانی عێراق و پارێزگای نەینەوا نیشتەجێی کۆمەڵێک کۆمەڵگەی جۆراوجۆرن کە زۆربەیان لە گوندە شاخاویەکان دەژین و بۆ بژێوی ژیانیان کاری ئاژەڵداریی ئەنجام دەدەن ، هێرشە ئاسمانییەکان مەترسیەکی هەستپێکراو و زۆر دووبارەیە بۆ ئارامی خۆیان و تەنانەت بۆ جێگیربوونی ژیانی خۆیان. ژمارەیەکی بەرچاو لە خێزانەکان ناچارکراون ماڵەکانیان جێبهێڵن لە ئەنجامی ئەو وێرانکارییەی بەهۆی بۆردومانەکانەوەیە، یان لە ترسی ژیانیان بە ناچاری چوونەتە شارەکانی دراوسێ یان کامپی ئاوارەکان کە هیچ خزمەتگوزاریەکی بنەڕەتی و کاروکەسابەتی تێدا نییە.

بە پاساوی شەڕکردن دژی چەکدارانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ماوەی زیاتر لە سی ساڵە هێزە ئاسمانییەکانی تورکیا لە سنوورەکانی باکووری عێراق ئۆپەراسیۆنی سەربازی سنوور بە سنوورئەنجام دەدات. ئەنقەرە چەند دەرئەنجامێکی کەمی بەدەستهێناوە لەو دەستدرێژیانە و لەم ساڵانەی دواییدا بەپێی سەرچاوە خۆجێییەکان زیاتر لە ٦٠ بنکە و مۆڵگەی سەربازی سوپای تورکیا لە ناو خاکی عێراقدا دروست کراون کە چەندین جار ئۆپەراسیۆنەکان کاریگەری وێرانکاریان هەبووە.

لە ساڵی ٢٠١٥ەوە سوپای تورکیا ژمارەیەک ئۆپەراسیۆنی ناونراوی دەستپێکردووە کە ئۆپەراسیۆنەکانیان زیاتر بۆ ناو خاکی عێراق ئەنجامدراون. تازەترینیان ئۆپەراسیۆنی “چنگی قوفڵ” لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ دەستی پێکردو هێزەکانی تورکیا تەنیا لە دووری ٤٠ کیلۆمەتر لە شارە گەورەکانی کوردستانی عێراق هێرشەکانیان ئەنجامداوە بە شاری هەولێریشەوە کە پایتەختی هەرێمە نیمچە سەربەخۆکەیە.

ڕاپۆرتەکەی “کەمپینی کۆتایی بە بۆردوومانە سنووربەکان بهێنن” تەنها وردەکاری ڕووداوەکان و ژمارەی کوژراو و بریندارانی مەدەنی ناخاتەڕوو بەڵکو بارودۆخی هەموو ڕووداوەکان شیدەکاتەوە و ناسنامەی ١٥٥ قوربانیش دەخاتەڕوو.

کۆکردنەوەی داتاکان بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێی چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕزگاربووانی هێرشەکان و کەسوکار و ئەندامانی کۆمەڵگەکان کۆکراونەتەوە، چاوپێکەوتنیش لەگەڵ نوێنەرانی حکومی خۆجێی و شیکەرەوەکان کراوە هەروەها سوودوەرگیراوە لە میدیای ئاشکرا و بڵاوکراوەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

داتابەیسەکان لەسەر ڕووداو و قوربانییەکان و دەرئەنجامەکانی دیکەی ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە تۆمارێکی بەنرخ و بێوێنەی زیانە مەدەنییەکان دەکەن کە بەهۆی هێرشە سەربازییەکانی سوپای تورکیاوە لە سنووری عێراق ڕوو دەدات و تیشک دەخاتە سەر ڕێژەی جدیەت و مەترسی ئەو تاوانانەی لە دەرئەنجامی ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانە بەرهەم هاتوون.

کەلێنێکی گەورەی مەترسیدار هەیە لە نێوان قەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا و قەبارەی زیانە مەدەنیەکانیان وەک لە مردن و برینداری تاکەکەسی و بە بەڵگەکردنی ، کاریگەرییە مەدەنییەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بە شاراوەیی ماونەتەوە هاوڵاتیانی مەدەنی کەنالێکیان نییە تا بتوانن راپۆرتی زیانەکان بخەنەڕوو وە پشتیوانی بکرێن. ئێمە باوەڕمان وایە کە ئەم ڕاپۆرتە بەشێک لەو کەم و کورتیانە پڕبکاتەوە.

لەم هەڵمەتەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مەدەنی و ڕێکخراوەکان دەکرێت کە هاوکاربن و هانی لایەنە بەشداربووەکانی ئەم ململانێیە بدەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ ئەو بارودۆخەی ئێستا هەیە لە بەرژەوەندی ئەو هاوڵاتیانەی کە زۆرترین باجی ئەو سیاسەتە شەڕخوازیانە دەدەن.

هەڵمەتی “کۆتایی بە بۆردوومانە سنووربەکان بهێنن” دوو ساڵ لەمەوبەر ڕاگەیەندراوە وهاوپەیمانێتیەکی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی ڕێکخراوەکانە کە ئامانجی داکۆکیکردن و دروستکردنی هۆشیارییە لەسەر پرسی بۆردومانەکان لە باکووری عێراق. هاوپەیمانیەکە پێک هاتووە لە: دەستپێشخەریی هەمەئاهەنگی کۆمەڵگەی مەدەنی عێراقی(ICSSI)، تیمەکانی بونیادنەری ئاشتی کۆمەڵگە(CPT)، ژماردنی جەستەی عێراق(IBC)، کۆدپینک(CODEPINK) نۆڤاکت(NOVACT)، پردێک بەرەو(UPP)، پشتیوانی لە کوردستان (Solkurd).

بۆ خوێندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە

بۆ زانیاری زیاتر، دەتوانن پەیوەندی بکەن بە:

Read More Stories

Women sit around a grave with the grave stone in the foreground

قوربانیانی مەدەنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە باکوری عێراق (٢٠١٥ – ٢٠٢١)

ڕاپۆرتەکە (توێژینەوەکە)، لەلایەن هاوپەیمانیەتیەکی نێودەوڵەتی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە چوارچێوەی هەڵمەتی” کۆتایی به بۆردومانە سنووریەکان بهێنن” ئامادەکراوە، کە بۆ یەکەم جارە وردەکارییەکانی کاریگەریەکانی ئەم دەستدریژیانە بۆ سەرخەڵکی مەدەنی بڵاودەکاتەوە.

Skip to content