“نایەڵن ئاسوودە دانیشم لە لاپاڵی چیام قاسپەقاسپی خاسەکەو، بێ گرمەیی مینم دەوێ؟ ئارەزوومە هەرچی ئینسانە بە ئازادی بژی چۆن گەلی داماو و دیل و مات و خەمگینم دەوێ؟” هێمن موکریانی
لە سەرەتادا، ناسینەوە و جیاکردنەوەی هەستەکانم کارێکی یەکجار ئەستەم بوو. بیستنی کۆمەڵێک داتا و ژمارەی بێڕۆح، هاوشانی دەیان چیرۆکی ناخهەژێن لەودیو چیا و ڕووبارەکانەوە، هەستەکانمی تێکەڵ کردبوو و تێگەیشتن لە هەموو ئەو شتانەی کە فێری ببووم قورس بوو.
ناسینی کەسوکاری قوربانییانی بۆردومان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و شاڵاوەکانی جینۆساید، وە گوێگرتن لە چیرۆکەکانیان، برینێکی بەسۆی لە دڵمدا دروست کرد، بە جۆرێک کە دەمویست پڕ بە گەرووم بۆیان بگریم و لە خەمەکانیان کەم بکەمەوە، بەڵام ئازارەکە ئەوەندە گران بوو، فرمێسکیش لە گەروومدا قەتیس مابوو و نەدەهاتە خوارێ. دەمویست باوەشیان لێ بدەم تا کەمێک لە تەنیایی و دڵتەنگییان بڕەوێنمەوە. ئاواتم دەخواست دەسەڵاتدار بوومایە تا دادپەروەرییان بۆ بگەڕێنمەوە، یان بە لایەنی کەمەوە کچێک یاخود خوشکێکیان بوومایە و کەمێک هاوبەشیی ئەو بارگرانییەم بکردایە کە ساڵانێکی درێژە هەڵیانگرتووە.
وەک ئەوە وایە خەنجەرێک لە دڵت بچەقێت کاتێک دەبیستیت خەڵکانێک لە مافی ئەوە بێبەش کراون کە بە ئازادی بەسەر خاک و چیاکانی خۆیاندا بگەڕێن. دڵتەزێنە کە دەبینیت چۆن جەستە، ژیان، ماڵ و سامان و یادەوەرییەکانیان وێران دەکرێن و دەسڕدرێنەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی کوردن و دەیانەوێت بە سەربەستی لەسەر خاکی باوباپیرانیان بژین.
سەرباری هەموو ئەم کارەساتانە، گەواهیدەری شتێک بووم کە لە ناخەوە هەژاندمی، کۆڵنەدانی ئەوان! سەرەڕای لەدەستدانی ٢١ ئازیزی یەک خێزان، لەدەستدانی دەست و قاچ، مەرگی کۆرپەیەکی بێتاوانی تازە لەدایکبوو و ئازاری گەڕان بەدوای خوشکێکی بێسەروشوێندا بۆ ماوەی ٣٨ ساڵ. سەرەڕای ئاوارەبوون و دەربەدەری، گۆڕینی گوند و یادەوەرییەکانی منداڵییان بۆ ناوچەی قەدەغەکراو، هێشتا بەردەوام بوون بۆ گەیاندنی دەنگیان. ئەوان هێشتا بە پەنجەی بریندارەوە بەرگری لە بست بە بستی ئەم نیشتمانە دەکەن. ئاڵا ڕەنگینەکەیان بە شەکاوەیی و بەرزی ڕادەگرن و بە بوێرییەوە لەپێناو چیا و ڕووبارەکاندا خەبات دەکەن.
لە نێوەندی هەموو ئەم چیرۆکە جەرگبڕانەدا، چرۆی هیوا لە ناخمدا پشکووت کاتێک بینیم هەمووان لەپێناو یەک ئامانجی پیرۆزدا تێدەکۆشن، ئەویش ئازادیی نیشتمانەکەیانە. پڕ بە دڵ شادمان بووم بە بینینی ئەو عەشقە بێسنوورەی بۆ خاک هەیانە و هێشتا چیا و دۆڵەکان وەک تاقە پەناگە و ماڵی ڕاستەقینەی خۆیان دەبینن. باسەکانیان لەسەر چیا و دۆڵەکان لە ناخەوە هەژاندمی، چونکە نەک تەنیا وەک شوێنێک لەسەر نەخشە، بەڵکو وەک ماڵ باسیان دەکردن، وەک شوێنێکی دانەبڕاو لە یادەوەرییەکانیان، لە هەستی پەیوەستبوونیان و لە خودی ناسنامەیان.
جوانترین چیرۆک کە لە هەمووانم بیست ئەوە بوو کە چۆن، بە ئاشتییانە و بێچەک، تەنیا بە باوەڕ و بە خۆشەویستی، بەرگری لە خاکەکەیان دەکەن و شوناس و ناسنامەی خۆیان دەپارێزن.
